وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بەگرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کرد. بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە واژۆی کردووە و ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیاردراوە بە گرێبەستکردنی 37 هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە رێکەوتی 1ـ9ـی 2024. هەر بەگوێرەی نووسراوەکە، پێویستە لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کاری پێویست ئەنجامبدەن. رۆژى 25ـی ئابى 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا، مامۆستایانى وانەبێژ بکات بە گرێبەست و وەزارەتى پەروەردە ماوەى حەوت رۆژى پێدان، بۆ تەواوکردنى مامەڵەکانیان.